ڕۆڵی گۆڤاری زاری کرمانجی لە پەرەپێدانی ڕۆشنبیریی و هوشیاریی تاکی کورددا
پوختەAbstract
سەرەتای سەدەی بیستەم، بەتایبەتی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، ماوەی هوشیاربوونەوەی نەتەوەکان بوو بە مافەکانیان. باشووری كوردستانیش بهدهرنهبوو لهو گۆڕانكارییانهی لهو سهردهمهدا ڕوویانداوە. کەسانێکی وەک حوسێن حوزنی و گیوی بۆیای بڕوایان وابوو، چاپەمەنی و گۆڤار دەتوانن ڕۆڵێکی گەورەیان هەبێت لە داڕشتنی هوشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژیدا. جگە لەوەش ئەوان توانیان لە ڕێگەی گۆڤاری زاری کرمانجییەوە بەدواداچوون و بەشداری لە ڕووداوە جیهانییەکاندا بکەن و خەڵکی لێ ئاگەدار بکەنەوە. کێشەی توێژینەوەکەمان خۆی لە خستنەڕووی چەند پرسیارێکدا دەبینێتەوە، لەوانە: زاری کرمانجی لە ڕووی هوشیارییەوە چ کاریگەرییەکی هەبوو؟ گوتاری ئەم گۆڤارە بۆ هوشیاکردنەوەی تاک چی بوو؟ چۆن كاری كرد؟ ئەم توێژینەوە گرنگییەکەی لەوەدایە، کە لە ڕەهەندی فەلسەفییەوە لە پەیوەندی نێوان هوشیاری و نووسین دەکۆڵێتەوە. ئامانج لەم توێژینەوەیە دەرخستنی ڕۆڵی گۆڤاری زاری کرمانجییە لە بواری هوشیارییدا. لە ڕێی نووسین و چیرۆک و شیعر و وتارەوە هەوڵیداوە تاکی کوردی بەرانبەر بە مێژوو، کولتوور، خاک و خودی خۆی هوشیار بکاتەوە. لەم توێژینەوەیەدا مێتۆدی ڕەخنەیی/گوتاریمان پێڕەو کردووە، کە تێیدا دەقەکانی ناو گۆڤارەکە تەنیا وەک ئامرازێکی پەیوەندیکردن سەیر ناکات، بهڵكو وهك بهڵگهیهك لێی دهڕوانێت، کە زانین و مەعریفە و هوشیاری بەرهەم دەهێنێت. هاوکات دەقەکان وەک پڕۆژەیەک بۆ کرانەوەی بیرکردنەوە و ڕزگاریی فیکری سەیر دەکات. یەکێک لە ئەنجامە سەرەکییەکان بریتییە لە هوشیارکردنەوەی تاکی کورد بەرانبەر خۆی، نیشتمان و خاک. زۆربەی وتارەکان پێداگری لەسەر گرنگی زانست و زانین دەکەنەوە، ئەمەیش دەروازەیەکە بۆ ئەوەی تاکێک درووست بکەن، خۆی پاڵپشت بە ئارگیومێنتی زانستی بیر لە خۆی و بوونی بکاتەوە. بابەتی هوشیاری نەتەوەیی لە پێش هەموو بابەتەکانەوە دێت، تەنانەت دەقە شیعری و چیرۆکییەکانیش زۆربەیان بەو مەبەستە بڵاوکراونەتەوە.