ڕۆڵی گۆڤاری زاری کرمانجی لە پەرەپێدانی ڕەوشی کەلتووری و هۆشیاری سیاسی لە شاری ڕواندز (١٩٢٦-١٩٣٢)
پوختەAbstract
کەلتوور بە یەکێک لە بنچینە سەرەکییەکانی دروستبوون و بەردەوامی ناسنامەی کۆمەڵگەی مرۆیی دادەنرێت، کە بەرهەم و دەستکەوتی ماددی و مەعنەوی ئەو کۆمەڵگەیەیە و لە ئەنجامی پێکەوەژیان و بیروباوەڕ و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی هاوبەشی تاکەکانییەوە سەرچاوەدەگرێت و هۆشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ژیاریی بەرهەمدەهێنێت. گواستنەوەی کەلتوور بەهۆی میدیای چاپی و گۆڤارەوە بەتایبەتی گۆڤارە کەلتورییەکان وەک ئامرازێکی کاریگەر و گرنگە و لە گەشەپێدانی زمان و مێژوو و ڕەوشی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و هۆشیاری سیاسی و ناسنامەی نەتەوەیی و پاراستنی بەها کەلتورییەکان ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن، لەم سونگەیەوە گۆڤاری زاری کرمانجیش وەک گۆڤارێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و هونەری و ئەدەبی لەپەرەپێدانی ڕەوشی کەلتوری و هۆشیاری سیاسی لە باشووری کوردستان و شاری ڕەواندز بەتایبەتی ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە، ئەم گۆڤارە تەنها کاری بڵاوکردنەوەی بابەتە ئەدەبی و مێژوویی و فۆلکلۆرییەکان نەبووە، بەڵکو وەک سەکۆیەک وابووە لە پەرەپێدانی کەلتور و هۆشیاری سیاسی وناساندنی ناسنامەی نەتەوەییشدا و ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە. گرنگی ئەم تویژینەوە لەوەدایە بەشێوازێکی زانستی و ئەکادیمی کاریگەری گۆڤاری زاری کرمانجی لە پاراستن و پەرەپێدانی زمان و کەلتور و گواستنەوەی بەها کەلتورییەکان و هۆشیاری سیاسی بۆ نەوەکان دەخاتەڕوو، بەتایبەتی لەقۆناغێکی مێژووییدا، کە شاری ڕەواندز لەڕووی کەلتوری و ڕۆشنبیرییەوە هێچ جۆرە گەشەسەندنێکی ئەوتۆی نەدیووە. لەم تویژینەوەیەدا میتۆدی وەسفی مێژوویی و شیکاری پەیڕەوکراوە، کە لە گۆڤاری زاری کرمانجی و چەندین سەرچاوەی دیکەی پەیوەست بەهەمان بابەت سوود وەرگیراوە.