گەڕانەوە بۆ نامیلکەBack to booklet

زمان و ناسنامەی کەلتوری نەتەوەیی و ڕەنگدانەوەی لە گۆڤاری زاریی کرمانجی (١٩٢٦-١٩٣٢)

نووسەرانAuthors
د. پەیوەند محەمەد حەمەد د. فارس لەتیف یەحیا
پوختەAbstract
ڕۆژنامەگەری بەشێوەیەکی گشتی وەک دەرکەوتەیەکی قۆناغی مۆدێرنیتە ڕۆڵێکی گرنگی لە برەودان و دەوڵەمەند کردنی زمان و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییدا هەیە، چالاکیی و کردە کەلتورییەکان بنچینەیەکی گرنگی دروستکردنی ناسنامە و دەرخستنی جیاوازیی هەر نەتەوەیەکە، لەسەر ئەو بنەمایە گۆڤاری زاریی کرمانجیی(١٩٢٦-١٩٣٢) وەک گۆڤارێکی پڕ خوێنەری ئەو سەردەمە توانییوویەتی ئەو ئەرکە لە بۆشایی و نەبوونی دەوڵەت بگرێتە ئەستۆ، ئینجا لەبەرئەوەی ناسنامەی نەتەوەیی باڵاترین ئاستی جیاوازیی و تایبەتمەندیی هەر نەتەوەیەکە، بۆیە لەوەشدا گۆڤارەکە بایەخێکی زۆری بە لایەنی مێژوو و زمان و کەلتوری کۆمەڵگەی کوردیی داوە، هەروەها لە ستراتیژییەتی گۆڤارەکە بە ڕوونی ئەو لایەنانە لە زۆربەی ژمارەکانیدا درکی پێدەکرێت. ئەم توێژینەوە سەرەنجی لەسەر دیالەکتیکی زمان و ناسنامەیە لەناو ڕۆژنامەگەری کوردیی و بەدیاریکراویی بڵاوکراوەی زاری کرمانجیی. ناسنامە و زمان وێرای تایبەتمەندیی و جیاوازیی نێوانیان، بەڵام لەهەمان کاتدا تەواوکاریی یەکترن لەدرووستکردنی وێنەیەکی گەورەتر، کەخۆی لە پرسیی نەتەوەیی بوونی کوردا دەبینێتەوە. میتۆدی توێژینەوەکە، خۆی لە شیکاریی مێژوویی و دیالەکتیکی (مشتومڕی) تیۆرییدا دەبینێتەوە، چونکە زۆرجار بەشێک لە بابەتەکانی گۆڤارەکە وەک ڕەمز و کۆدێک بۆ گوتارێکی تری شاراوە و مەبەستدار دەردەکەوێت، بەواتایەکی تر ڕەخساندنی کۆمەڵێک ئارگۆمێنت و گریمانەیە سەبارەت بە ڕۆڵ و بایەخی زاریی کرمانجیی لە بنیادنانی گوتاریی بەرگریکردن لە ناسنامە و زمانی کوردیی، کە ڕەنگە هەرگیز ڕۆژنامەکە لەبەر کۆمەڵێک هۆکاریی سیاسیی و سانسۆریی دەوڵەت لەسەردەمی خۆیدا نەیتوانیبێت بە ڕاشکاوانە ئامانجەکانی خۆی دیاریی کردبێت. سەرەنجامی توێژینەوەکە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە بۆ نەتەوەیەکی هاوشێوەی کورد بەتایبەتی لەو هەلومەرجە مێژووییەدا، کە لەبەرژەوەندی کوردا نەبووە، ڕۆژنامەگەری ڕۆڵێکی ئەرێنی و گرنگی وەک جێگرەوە لەهەندێ کات و هاوشانی خەباتی سیاسیی و شۆڕش و پارتەکاندا بینیووە. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێیین زاری کرمانجی هەرچەندە بڵاوکراوەیەکی ئەدەبی و مێژوویی و کەلتوریی بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی بابەتە هەستیارەکانییەوە بونیادێکی قوڵی سیاسیی بۆ نەوەی دوای خۆی بەرهەمهێنا و لەو ڕێگەیەوە خزمەتێکی بەرچاوی بە بوژانەوەی کۆی ڕەهەندە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردیی کردووە.