شیکردنەوەى گوتارى پەروەردەیی لە گۆڤارى زارى کرمانجى ١٩٢٦- ١٩٣٢
پوختەAbstract
ئەم توێژینەوەیە بە ناونیشانى (شیکردنەوەى گوتارى پەروەردەیی لە گۆڤارى زارى کرمانجى ١٩٢٦- ١٩٣٢) يە. توێژینەوەکە هەوڵێکە بۆ خستنەڕو و شیکردنەوەى ئەو گوتارە پەروەردەییەى، کە گۆڤارى زارى کرمانجى هەیبوە. توێژینەوەکە بەپێى ڕێبازى وەسفى- شیکارى ئەنجامدراوە. هەمو ئەو وتار و بابەت و پەیامە پەروەردەییانە وەرگیراون، کە لە ماوەى ئەو شەش ساڵەدا لە گۆڤارەکەدا بڵاوکراونەتەوە. گرینگى توێژینەوەکە لەوەدایە، ئەم گوتارە لە ناو گۆڤارەکەدا گوتارێکى بەرچاوە، و پێشتریش لەلایەن هەڵسەنگێنەران و شیکەرەوانى ڕۆژنامەگەرى و بەتایبەتى ئەم گۆڤارە ئەم بابەتە نەبوەتە ڕۆژەڤى توێژینەوەى زانستى. هەروەها گرینگیدانى ئەم گۆڤارە بە بابەتە پەروەردەییەکان باندۆرى لەسەر پرسى پەروەردەى ئەوێ ڕۆژێ بەجێهێشتوە. پرسیارى توێژینەوەکە ئەوەیە، گوتارى پەروەردەیی ئەو گۆڤارە چ هێز و دەسەڵات و ئایدۆلۆژییایەکى لەپشت بوە؟ ئامانجى ئەم گوتارە چى بوە؟ ڕەهەندەکانى گوتارى پەروەردەیی چی بون؟ گرفتى توێژینەوەکە لەوەدا خۆى دەبینێتەوە، کە دەمانەوێت بە دواى پرسى پەروەردە و فێرکردندا لەم سەردەمە بچین، و ئەمەش لەڕێگەى شیکردنەوەى ئەو بابەتە پەروەردەییانەوە دەکرێت، کە لە گۆڤارەکەدا بڵاوکراونەتەوە. بەجۆرێک هەست بەوە دەکرێت مەسەلەى پەروەردە پرسێکى باوى ئەو سەردەمە بوە، ئێمەش لە ڕێگەى شیکردنەوەى گوتارى پەروەردەییەوە، دەمانەوێت بارودۆخى پەروەردەیی سەردەمەکە بخەینەبەر شەنوکەوێکى زانستییانە. کەرەستەى توێژینەوەکەمان هەمو ئەو وتار و بەدواداچون و هەواڵە پەروەردەییانە دەگرێتەوە، کە لە گۆڤارى زارى کرمانجى لە ماوەى ساڵانى ١٩٢٦- ١٩٣٢ بڵاوکراونەتەوە. هەندێک لەو بابەتانە ڕاستەوخۆ بە بابەتى پەروەردەوە پەیوەستن و هەندێکی تریان ناڕاستەوخۆ بەو پرسەوە پەیوەستن. پێکهاتەى توێژینەوەکەمان لە دو بەش پێکدێت، بەشى یەکەم تیۆرییە و چەمکەکانى توێژینەوەکەى تێدا ناسێنراوە، لەوانە گوتار و شیکردنەوەى گوتار و گوتارى پەروەردەیی و شیکردنەوەى گوتارى پەروەردەیی، گوتارى پەروەردەیی ڕاگەیاندن، لەگەڵ ناساندێکى کورت و پوختى بابەتە پەروەردەییەکانى گۆڤارەکە. بەشى دوەم کارەکییە و هەمو ئەو وتار و بابەتانەى، کە پەیوەستن بە بابەتى پەروەردەوە بەپێى بنەماکانى شیکردنەوەى ڕەخنەیی گوتار شیکراونەتەوە. توێژینەوەکە بە هەندێک ئەنجام گەیشتوە. لەوانە گوتارى پەروەردەیى گوتارێکى میدیاییە، زیاتر هەوڵى هۆشیارکردنەوە دەدات، نەوەک خودان دەسەڵات بێت و هەوڵى ئاڕاستەکردن بدات.