نواندنەوەی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی لە چاپەمەنییە بەراییە کوردییەکاندا: شیکردنەوەیەکی ڕەخنەیی گوتاری زاری کرمانجی (١٩٢٦)
پوختەAbstract
ئەم توێژینەوەیە شیکردنەوەیەکی ڕەخنەیی گوتاری گۆڤاری "زاری کرمانجی" یە، کە پشت بە مۆدێلە سێ لایەنەکەی نۆرمەن فێرکلاف دەبەستێت و سوود لە چوارچێوە تیۆرییەکانی'' تیۆ ڤەن لیوون'' و ''ڕۆس وۆداک'' وەردەگرێت. داتاکانی توێژینەوەکە بریتین لە سەروتارەکان، هەواڵەکان و ڕاپۆرتە هەواڵییەکان وەک ژانرە گوتارییە سەرەکییەکان. شیکارییەکە سەرنج دەداتە نواندنەوەی کارا کۆمەڵایەتییەکان و دووبارە بەرهەمهێنانی پێوەندییەکانی دەسەڵات، بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ دەستەبژێرە ئایینی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا. ئەنجامەکان دەریدەخەن کە بەکارهێنانی سیستەماتیکی نازناوی ڕێزلێنان و وشە نرخێنەرە ئەرێنییەکان تەنها ڕەنگدانەوەی نەریتە کەلتوورییەکان نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی گوتارییە بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەت و جێگیرکردنی پێکهاتەی پلەبەندییەکانی دەسەڵات. ئەم دیاردەیە لە ڕێی بارودۆخی تایبەتیی بەرهەمهێنانی گوتارەکەوە ڕوون دەبێتەوە، وەک ئەهلی بوونی گۆڤارەکە، نەبوونی پشتگیری مادیی حکومی و جەماوەری لەبەر نەخوێندەواری، فشارە دامەزراوەییەکان، و تاڕادەیەک بەسترانەوە ئابوورییەکان بە دەستەبژێرە ناوخۆییەکانەوە. هەروەها، پەراوێز بوونی خێوی زاری کرمانجی لە وەرگرتنی ئەم ستراتیژییانە وەک شێوەیەک لە مانەوە لە ناو مەیدانێکی گوتاریی نایەکساندا ڕۆڵ دەبینێت. بە گشتی، توێژینەوەکە پیشان دەدات کە گۆڤارەکە، لەگەڵ ئەوەی هەوڵی نیشاندانی ناسنامەی کوردی دەدات، لە هەمان کاتدا ناچارە لە دووبارە بەرهەمهێنانەنەوەی پێوەندییەکانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیدا بەشدار بێت.