تایبەتمەندییە هونەرییەکانی فۆتۆگرافی و زەنگۆگرافی لەبەرهەمەکانی "حوسێن حوزنی موکریانی"دا
پوختەAbstract
ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەهەندە هونەریی و تەکنیکییەکانی وێنەی بینایی لە پڕۆژە مەعریفییەکەی "حوسێن حوزنی موکریانی"دا. لە کاتێکدا زۆربەی لێکۆڵینەوەکانی پێشوو جەختیان لەسەر لایەنی مێژوویی و ئەدەبیی بەرهەمەکانی حوزنی کردووەتەوە، ئەم توێژینەوەیە دەچێتە ناو کایەیەکی فەرامۆشکراو، کە ئەویش پێشەنگایەتی حوزنییە لە بواری فۆتۆگرافیی و تەکنیکی زەنگۆگرافیدا، کێشەی توێژینەوەکە لەو پرسیارەدا کورت دەبێتەوە: موکریانی چۆن توانیویەتی وێنەی فۆتۆگرافی وەک گوتارێکی پاڵپشت بۆ دەقە مێژووییەکانی بەکاربهێنێت؟ ئایا فۆتۆگرافی دەتوانێت ببێت بە هۆکارێک بۆ نووسینەوەی مێژوو و تۆمارکردنی یادەوەریی لای تاکی کورد؟ ئەو خەسڵەتە هونەرییانە چین، کە وێنە و قاڵبە زەنگۆگرافییەکانی ئەو لە چاپکراوەکانی تری سەردەمی خۆی جیا دەکاتەوە؟ ئایا زەنگۆگرافی پەیوەندیی بە سەلیقە و توانای هونەریی نوسەرەوە هەیە؟ توێژەران پشت بە میتۆدی (وەسفی-شیکاری- مێژوویی) دەبەستن بۆ هەڵسەنگاندنی نمونە وێنەییەکانی ناو گۆڤاری (زاری کرمانجی) و بەرهەمە چاپکراوەکانی تری حوزنیی و ئەو وێنانەی لە ئەرشیفی کەسایەتییە نزیکەکانی حسێن حوزنی موکریانییەوە دەستمان کەوتووە، سنوری توێژینەوەکەشمان ماوەی نێوان ساڵانی(١٩٢٦-١٩٣٦) لە خۆدەگرێت ئەو وێنانەی لە سەرەتای سەرهەڵدانی هونەرەکانی فۆتۆگرافیی و زەنگۆگرافیدا سەریانهەڵداوە، لە کۆتاییدا توێژینەوەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەی، کە موکریانی تەنیا گواستنەوەی وێنەی ئەنجام نەداوە، بەڵکو لە ڕێگەی زەنگۆگرافییەوە شێوازێکی هونەریی تایبەت بە خۆی (بەکاربردنی هێڵ، سێبەر و ڕوناکی) بونیادناوە، کە وەک یەکەمین هەوڵی بونیادنانی "گرافیکی کوردی" و "ڕۆژنامەگەریی بینایی" لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا هەژماردەکرێت.