کورد وەک سووژە لە گۆڤارى زارى کرمانجى دا؛ بە نموونەى شیعرەکان
پوختەAbstract
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانى فەلسەفەى مۆدێڕن، بریتییە لەو گۆڕانەى، کە لە شوێن و پێگەى مرۆڤدا هاتەکایەوە و، لە هێزێکى چاولێکەرى پەراوێزخراوەوە گۆڕا بۆ هێزێکى سەرەکى بیرکەرەوە و، ئیتر لەوێوە رەوتى سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەى کۆى کایەى مرۆیى داڕێژرایەوە؛ ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە سەرەتا لەپێوەندى لەگەڵ پێناسەکردنى مرۆڤدا بوو بەرانبەر بە هێزە باڵادەستە سەروو سرووشتییەکان و بەتایبەت چەمکى خودا و، لەڕاستیدا لە چوارچێوەى ئاییندا دەبینرا، بەڵام دواتر لە ڕەوتى گەشە هەمەلایەن و ئاڵۆزە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕەهەندێکى کۆمەڵایەتى بەخۆیەوە گرت و پرسەکە گۆڕا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرانبەریەکیی نێوان هێزە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە لێرەوە سووژە وەکو چەمکێکى سیاسى، کۆمەڵایەتى و ....هتد، وەک ئاماژەیەک بۆ بکەریی و کارایى ڕوانگە و زەینیەتێک خۆى نیشاندەدات، کە دەیەوێ خۆى لەژێر بارى پێناسە و باڵادەستییەکانى ئەوانى تر ڕزگار بکات و دنیا و بەرژەوەندییەکانى، لە ڕوانگەى خۆیەوە پێناسە بکات. بە سەرنجدان لەوەى کە کورد بە درێژایى مێژوویەکى درێژ ژێردەستە بووە و کارایی و بکەرییەکەى ناچالاک کراوە و هەوڵى سڕینەوەى دراوە، بۆیە کورد وەک سووژە، هەمیشە جێگاى گومان و پرسیار بووە و شایستەى ئەوە بووە لێى بکۆڵدرێتەوە. ئێمە لەم توێژینەوەیەدا بەناونیشانى (کورد وەک سووژە لە گۆڤارى زارى کرمانجیدا؛ بە نموونەى شیعرەکان)، لە هەوڵى ئەوەداین دەستنیشان بکەین، گرنگترین ئەو ڕەگەزانە چین کە دەتوانین لە شیعرەکانى گۆڤارى زارى کرمانجیدا، وەکو بنەماکانى سووژەبوونى کورد، بیانبینین و ئاماژەی پێبدەین. مێتۆدى ئەم توێژینەوەیەمان وەسفى شیکارییە؛ لە چوارچێوە تیۆرییەکەیدا، وێڕاى دەرخستنى پێشزەمینە فەلسەفییەکانى چەمکى سووژە، هەوڵمانداوە لەڕوانگەیەکى کۆمەڵایەتى و سیاسییەوە چوارچێوەى چەمکەکە روون بکەینەوە. دواتریش لە بەشە پراکتیکییەکەدا، لە شیعرە بڵاوکراوەکانى ئەو گۆڤارەدا، هەوڵمان داوە ڕەگەزەکانى ئەو سووژەبوونەى کورد، دەستنیشان بکەین. لە کۆتاییشدا، گەیشتووین بەو ئەنجامەى کە لە زۆربەى هەرەزۆرى شیعرە بڵاوکراوەکاندا، ئێمە لەگەڵ دەرکەوتەکانى ئەو سووژە کوردییەدا بەرەوڕووین، کە خۆى لەسەر بنەماى کوردبوون و ناساندنى دنیا بەپێى دنیابینى و تیڕوانینى خۆى، لە هەموو ڕەهەندەکانەوە، پێناسەدەکات.