ڕۆڵ و کاریگەریی گۆڤاری زاری کرمانجی لە ناساندنی کەسایەتیی تاکی کورد لە (١٩٢٦-١٩٣٢)
پوختەAbstract
لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی (١٩١٤-١٩١٨) گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناوچەکە سەری هەڵدا، کوردستانیش بەدەر نەبووە لەو گۆڕانکارییانە. لەوانەش لەلایەک دروستبوونی چەند وڵاتێکی نوێ، لەلایەکی تر هاتنی بیرو هزری ڕۆژئاوایی بوو بۆ ناوچەکە، ئەمەش لە ڕێگەی داگیرکاری و پەیڕەوکردنی شێوازی دەسەڵاتی سەرپەرشتی کردن (انتیداب) لەلایەن بریتانیا و فەرەنسا بوو. لە ئەنجامدا کرانەوەیەکی ڕوشنبیری و هزری لە ناوچەکەدا سەری هەڵدا، بەتایبەتی لە ڕووی بڵاوکراوەکانەوە، یەکێک لەوانەش گۆڤاری زاری کرمانجی بوو لە باشووری کوردستان لە ساڵی (١٩٢٦). لەم لێکۆلینەوەیەدا تیشک دەخرێتە سەر ئەو ڕۆلەی، کە زاری کرمانجی وەک گۆڤارێک گێڕاوییەتی بۆ ناساندنی کۆمەڵگای کوردی، لە ڕوانگەی کەسایەتی تاکی کورد، بیرکردنەوەی کورد و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی کورد. ئایا گۆڤارەکە تاچەند کاری کردووەتە سەر پێشوەچوونی کوردان یاخود دواکەوتنیان لە ڕەوتی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری؟ ئایا کورد لە چ ئاستێکدا بووە و زاری کرمانجی چۆن ناساندوویەتی و چۆن باسی کردووە و ئامانجی چ بووە؟ لە ڕووی مێتۆد و چۆنیەتی کۆکردنەوەی زانیاری و دارشتنەوە، لەم توێژینەوەیەدا، سەرەتا هەموو ئەو بابەتانەی کە ئاماژە بە ناساندنی کوردان دەدرێت لە گۆڤارەکەدا خوێندنەوەی بۆ کراوە و دواتر بەراورد کراون لەگەل مێژووی کورد و کوردستان بە پشت بەستن بە سەرچاوە هاوسەردەمەکانییان. کورتەی دەرئەنجامەکان ئەوەیە کە زاری کرمانجی ڕۆلێکی بەرچاوی گێڕاوە لە ناساندنی کەسایەتیی تاکی کورد، لەلایەک بە کەسایەتییەکی بەرپرسیار و خاوەن پاشخانێکی کولتوور و مێژوویی و مرۆڤدۆستی بەهێز دەبینرێت، لەلایەکی تر پاشەکەشەیەکی بەرچاو تێبینی دەکرێت لەو سەردەمە بەتایبەتی لە ڕووی خوێندەواری و ڕۆشنبیرییەوە.