هەوڵەکانى ستانداردکردنى زمانى کوردى لاى حوسێن حوزنی موکریانی
پوختەAbstract
ئەم توێژینەوەیە تیشکدەخاتەسەر هەوڵەکانى (حوسێن حوزنی موکریانی) لە گەشەپێدان و ستانداردکردنى زمانى کوردیدا. کێشەی سەرەکیی توێژینەوەکە لەو هەوڵانەدا خۆیدەبینێتەوە، کە حوزنی موکریانی لە ڕێگەی کارەکانیەوە بۆ پاراستن و دەوڵەمەندکردنی زمان و نووسینی کوردی داویەتی. گرنگیی ئەم بابەتە لەوەدایە، کە حوزنی موکریانی لە ڕێگەی چاپخانەکەیەوە توانی بە کرداری بەشێک لە گرنگترین قۆناغەکانى ستانداردکردنى زمان لە ڕێگەى پلانەوە جێبەجێبکات. ئەم هەوڵانەى حوزنى پاش زیاتر لە (٣٠) ساڵ لە چوارچێوەیەکى تیۆرى و دیارترین مۆدێلى ستانداردکردندا لە لایەن "ئاینار هاوگن"ـەوە داڕێژرا. توێژینەوەکە بە میتۆدی پەسنی، کار لەسەر دوو تەوەری سەرەکی دەکات: یەکەم؛ ناساندنى چەمکى ستاندارکردنى زمان و خستنەڕووى مۆدێلەکەى "ئاینار هاوگن" لە ستانداردکردنى زماندا. دووەم؛ هەوڵەکانی حوزنى بۆ دروستکردنی زمانی ستانداردى کوردى و ڕۆڵى چاپخانەکەی حوزنى لە یەکخستنی ڕێنووس و فۆنیمەکانى زمانى کوردیدا. ئەنجامی توێژینەوەکە دەریدەخات، کە حوزنی تەنها مێژوونووس نەبووە، بەڵکو یەکێک بووە لە پێشەنگە کاریگەرەکان، کە ڕۆڵێکى دیارى لە پاراستن و یەکخستنى زمانی نووسینى کوردیدا هەبووە، ئەو هەوڵانەى حوزنى بوونەتە بەردی بناغەی ئەو زمانە ستانداردە کوردییەى، کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا جێگیربوو.