گەڕانەوە بۆ نامیلکەBack to booklet

ئاست و دەرکەوتنی زاراوەسازیی زمانی کوردی لە گۆڤاری زاری کرمانجی وەک نمونە

نووسەرانAuthors
م.ی. هاشم ئەمین خدر سومەییە ئیبراهیم محەمەد ساڵح
پوختەAbstract
زاراوەزانی یان زاراوەسازیی یەکێکە لە لقەکانی بواری زمانناسی گشتی و تا ڕادەیەک زاراوەیەکی نوێیە و پەیوەندی بە چەمکە زانستییەکانەوە هەیە، لەو زاراوانە دەکۆڵێتەوە کە گوزارشتن لە بابەتێک و ئەو دەربڕاوە نوێیانەی کە دێنە ناو زمانەوە. ئەم توێژینەوەیە هەوڵدەدات بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو چەمکانە بکات کە لە گۆڤاری زاری کرمانجیدا بڵاوکراونەتەوە و مامۆستا حوسێن حوزنی موکریانی و هاوڕێکانی لەو ساڵانەدا کە بابەتیان بڵاوکردووەتەوە و تا چەند سەرجەم بنەما و ڕێبازی زاراوەسایی کە پێکهاتووە لە ڕێبازەکانی (هاوەڵواتا "خوازە"، وەرگرتن خواستن یان کورداندن، وەرگێڕان، داتاشین، لێکدان، داڕشتن و پێوانە) پەیڕەوکردووە. ئەمەش بە پشتبەستن بە تیۆری گشتی زاراوە، کە زۆرجار بە تیۆری "نەریتی" یان "قوتابخانەی ڤیەنا" ناودەبرێت، ئەم تیۆرە لە لایەن یوگن وستەرەوە لە ساڵانی ١٩٣٠-١٩٧٠ دامەزراوە، کە جەخت لەسەر ستانداردکردن و نەهێشتنی ناڕوونی لە زماندا دەکاتەوە و ڕێبازێکە لە چەمکەوە دەستپێدەکات و بە دوای زاراوەدا دەگەڕێت و داکۆکی لە یەک واتایی زاراوە و پاراستنی هەر چەمکێک کە زاراوەی هەیە و هەر زاراوەیەکیش نوێنەرایەتی یەک چەمک بکات دەکات. هەر لەم چوارچێوە تیۆرییەدا کار لەسەر هەندێک لە زاراوەکانی نێو گۆڤارەکە کراوە و ئاست و پێوانەیان خراوەتەڕوو، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لەم توێژینەوەیەدا کار لەسەر (٣٦) لاپەڕەی گۆڤارەکە کراوە و ئەوە خراوەتەڕوو، کە گۆڤاری زاری کرمانجی پێشەنگی خستنەڕووی زاراوەی زمانییە بە تایبەت لە بواری ڕاگەیاندندا، کە ئێستاش هەمان شێواز پەیڕەو دەکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی جیاوازتر لە شێوازی نووسین بە ڕەچاوکردنی تەکنەلۆجیای نوێی نووسین. هەروەها ئاماژە بە بەشێک لەو بەرەوپێشچوونانەی زمانی کوردی لە بواری زاراوەسازیی کراوە.